وانەی شەترەنج، پێویستییەکی فەرامۆشکراو لە قوتابخانەکان


شەترەنج، یاخوود ناوزەند بە یاری ژیرەکان، یارییەک لە یەککاتدا وەرزشێکی هزریی، زانستیی و هونەرییە، لەنێوان دوو بەرانبەردا دەکرێ لەسەر ڕووتەختێک کە پێی دەوترێ بۆردی شەتڕەنج، کە لە «٦٤» خانە پێکهاتووە و هەر یەک لە بەرانبەرەکان «١٦» پارچەی هەیە بۆ یاریکردن.

مەلیک«Queen»، وەزیر«King»،  قەڵا«Rook»، ئەسپ«Bishop»، فیل «Knight» و سەرباز«Pawn»، پێکهێنەرەکانی یارییەکەن.

شەترەنج، یەکێکە لە باوترین یارییەکانی جیھان، هەر لەسەرەتای دروستبوونییەوە کە پەرەی پێدرا تاکو ئێستاکە لەلایەن سەدان هەزار یاریزانەوە لە سەرانسەری جیھاندا ئەنجامدەدرێت، لە ماڵەکان، قوتابخانەکان، پارکەکان، یانەکان و لەسەر ھێڵ…تاد

بڵاوبوونەوە و ئەنجامدانی بەم ڕێژە زۆرە لەلایەن خەڵکەوە شتێک نییە لەخۆوە هەڵتۆقیبێت و بێپێشینە بێت، بەڵکو چێژ و گرنگییە زۆر و زەوەندەکانی ئەم یارییە هەر زوو وایکرد ببێتە یەکێک لەو یاریانەی زۆرترین خەڵکی لە تەمەنی جیاواز کۆبکاتەوە لە دەوری خۆی.

شەترەنج زیاتر لە یارییەک!

ئەوەی شەترەنج لە زۆربەی یارییەکانی تر جودا دەکاتەوە ئەوەیە کە شەترەنجزانەکان پێویستە لە یەککاتدا لۆژیک، لێکدانەوەی ورد و دروستی جوڵەکان، سەرنجدانی ورد، پلانی گونجاو بۆ ھێرشبردن و بەرگریی و چەندان کارامەیی دیکەش بخەنەگەڕ بۆ ئەنجامدانی یارییەکی سەرکەوتوو.

ئەوەی من لێرەدا گەرەکمە زیاتر جەختی لەسەر بکەمەوە و هەڵوەستەی لەسەر بکەم، فەرامۆشکران و درکپێنەکردن و بەهەندوەرنەگرتنی ئەم یارییەیە و ئاشنانەکردنی فێرخوازانە لە قوتابخانەکان بەم یارییە پڕ چێژ و گرنگە، کە وادەکات ئاسۆ و ڕوانینی فێرخوازان سەرتاپا گۆڕانکاری بەسەردا بهێنێت و فکر و ڕوانینیان بۆ ژیان تەواو پێشڤەچوون بەخۆوە ببینێت و لەڕێگای ئەم یارییەوە ئاست و ئەنجامی گەورەتر لە قوتابخانەکانیان و ژیانیان  بەدەست بهێنن و پێی بگەن.

فێرخوازانی ئێمە مەحروم و بێبەشکراون لە چەندان وانە و یاری هزریی و ژیری لەوانەش شەترەنج، کە بێئەندازە کاریگەری ئەرێنی دوور مەودا جێدەهێڵێت لەسەر فێرخوازان و دەبێتە هۆکار و پاڵپشتییەکی زۆرباشیش بۆ گەشەسەندنیان لە بوارەکانی تری ژیانیان، بەتایبەت لە بواری خوێندنیاندا.

لە هەرێمی کوردستان، هەر چەندە ئێستاکە ھەوڵ و کاری باش ھەیە بۆ پێشخستن و ناساندنی زیاتری ئەم یارییە، سەرمەشقی ئەم هەوڵ و کۆششانەش «یانەی شەترەنجی خانزاد»ە، دەرئەنجامی ئەم هەوڵ و کارانەش بوونەتە هۆکار بۆ گەشەکردنێکی تاڕادەیەک دڵخۆشکەر و پێشوەچوونی زیاتری یارییەکە و پێگەیاندنی چەندان کوڕ و کچە یاریزانی بەتوانا کە جێگای ئومێد و دڵخۆشییە، ئەمما ئێستاکە شەترەنجزانی زۆری ترمان گەرەکە بۆ پێشوەچوون و بڵاوبونەوەی زیاتری یارییەکە و ئاشنابوونی زۆرینەی فێرخوازان بە یارییەکە و بوونە کولتوورێک لەناو ناوەندەکانی خوێندن.

هەروەها «قوتابخانەی فام» لە ڕانییە، بە هاوبەشی یانەی شەترەنجی خانزاد، وەکو یەکەمین ناوەندی پەروەردەیی لە ئێستادا وانەی شەترەنجی خستۆتە ناو پەیڕەو و پڕۆگرامی خوێندن و وەک وانەیەک هاوئاستی وانەکانی تر دەخوێندرێت و بەشێوەیەکی ئەکادیمیی و پراکتیکی فێرخوازان بەم یارییە ئاشنا دەکرێن و فێردەکرێن.

ئەم یارییە لەبەر گرنگییەکەی پێویستە وەک وانەیەکی سەربەخۆ بخوێندرێت و گرنگیی تایبەتی پێبدرێت، یاخوود هیچ نەبێت لە سەرەتادا لە پاڵ وانەی وەرزشدا کاتی بۆ تەرخان بکرێت و فێرخوازانی پێ ئاشنا بکرێت، چونکە ھەموو بۆچوونە زانستییەكان و توێژینەوەکانی لەمەڕ ئەم یارییە کراون ئەوەیان سەلماندووە و پاڵپشتی ئەم بۆچوونانەن كە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ هەیە لەنێوان وانەی شەترەنج و ئەدای ڕەفتاریی و ئەکادیمی فێرخوازان، هەر بۆیە گرنگ و پێویستە لە پەیڕەو و پڕۆگرامی خوێندندا بایەخی تایبەتی پێ بدرێت.

دەکرێت وەک دەستپێکێکیش ناوەندێک دروست بکرێت بۆ پێگەیاندنی کادیر و ڕاهێنەری تایبەت بە یارییەکە و دانانی پڕۆگرامێکی زانستیی گونجاو بۆ ئاست و تەمەنە جیاوازەکان، لەگەڵ ئامادەکردنی پێداویستییەکانی یارییەکە، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی ئەکادیمی فێرخوازەکان ئاشنا بکرێن و گۆشبکرێن بەم وەرزشە هزری، زانستی و هونەرییە.

ماوەتەوە بڵێم:

ئەم یارییە سەرباری چێژە تایبەتییەکەی، چەندان هۆکار هەن کە پێمان دەڵێت گرنگ و پێویستە شەترەنج ببێتە وانەیەک لە قوتابخانەکان و وەک ئامرازێکی گرنگیی پەروەردەی و فێرکاری لێی بڕواندرێت و بخوێندرێت، چونکە ئەم یارییە دەبێتە هۆکاری فراژووتنی چەندان کارامەیی گرنگیی وەکو:

١- پێدانی چێژ و کەیفخۆشی.

٢- فراژووتنی بیری داهێنەرانە.

٣- گەشەپێدانی بیری لۆژیکی.

٤- بەرەو پێشبردنی کارامەیی بیرکردنەوەی ستراتیژی.

٥- گەشەپێدانی توانای وردبوونەوەی ماوەدرێژ«تەرکیز«.

٦- گەشەپێدانی توانای پلاندانان.

٧- بەهێزکردن و زیاترکردنی توانای بیرگە.

٨- باشترکردنی کارامەیی خوێندنەوە و بیرکاری.

٩- گەشەسەندنی کارامەیی کۆمەڵایەتی.

١٠- پەرەپێدانی شارەزایی چارەسەرکردنی گیروگرفتەکان و یارمەتی باشترکردنی ئەدای گشتییان.

١١- درکپێکردن و پێشبینیکردنی دەرئەنجامی کردارەکانیان.

١٢- ڕێزگرتن لە بڕیاری ئەوانی تر و قبووڵکردنی ئەنجامەکان بە گیانێکی وەرزشی بەرزەوە.

١٣- گەشەپێدانی کارامەیی بڕیاردان.

١٤- گەشەپێدانی هونەری ئارامگرتن لە ژێر فشاردا.

١٥- باشترکردنی نووسینی داهێنەرانە و گەشەپێدانی کارامەیی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی.

١٦- دوورکەوتنەوە لە ئاڵودەبوون بە ئامێرە ئەلیکتڕۆنییەکان.

ئەمانە و چەندان گرنگیی تر، کە پێویست دەکات شەترەنج بکرێتە بەشێک لە پلانی فێرکاریی پەیڕەو و  پڕۆگرامی خوێندن، بەتایبەت لە بەستێنی بەراییدا، بۆیە هەرچەندێکی زووتر دەستپێبکەین، هێشتا درەنگمان کردووە.

ئامادەکردنی: بیلال حەمە

پەیامێكی حكومەتی هەرێم لەبارەی مووچەی مانگی 2ی فەرمانبەرانەوە
پێشت پەیامێكی حكومەتی هەرێم لەبارەی مووچەی مانگی 2ی فەرمانبەرانەوە
سانت لیگۆ لە پەرلەمان هەرای نایەوە
دواتر سانت لیگۆ لە پەرلەمان هەرای نایەوە
پەیوەندیدار