ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان
ریکلام

کوردستان

پیرانشار: تێكەهەڵچوون لە نێوان پێشمەرگە و پاسداراندا رووی دا

خەڵك – بەشی هەواڵ
شەوی 3ی پوشپەڕ لە نێوان هێزەكانی پێشمەرگەی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و هێزەكانی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران تێكهەڵچوون رووی دا.

بەپێی راگەیەندراوی فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، لە شاخەكانی پشتی زێوە و كۆنەلاجانی پیرانشاری رۆژهەڵاتی كوردستان هێزەكانی سوپای پاسداران هێرشیان كردووەتە سەر كۆمەڵێك پێشمەرگەی حزبی دیموكرات كە لە ئەركی خۆیاندا بوون.

بەپێی راگەیەندراوەكە، سوپای پاسداران كوژراو و بریندارێكی زۆری هەیە و پێشمەرگەیەكیش كوژراوە.

تاكو ئێستا لایەنە فەڕمییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران لەبارەی ئەم تێكهەڵچوونە روونكردنەوەیان نەداوە.

پێشتریش چەند تێكهەڵچوونێك لە ناوچە جیاوازەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە نێوان پێشمەرگە و پاسداران دا روویانداوە.

سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان چەند رۆژی رابردوو لە چاوپێكەوتن لەگەڵ ئاژانسی
تەسنیم-ی ئێراندا رایگەیاندبوو “هەرێم و ئێران لیژنەیەكی هەماهەنگیان دروستكردووە بۆ دژایەتی كردنی گروپە چەكدارەكان و ئاگاداركراونەتەوە كە رێگەیان پێنادەین كە خاكی ئێمە بەكاربهێنن بۆ دژایەتیكردنی ئێران و توركیا”.

راگەیەندراوی فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان

بۆ ئاگاداری كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان رادەگەیەنین كە لە درێژەی كار و چالاكی و بەڕێوەبردنی ئەركەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ناوچەی پیرانشار، شەوی ١٣٩٧/٤/٣ دەستەیەك لە پێشمەرگەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كە لە حاڵی بەجێ گەیاندنی ئەركەكانیان بوون، لە شاخەكانی پشتی زیوە و كۆنە لاجانی سەر بە پیرانشار لە لایەن هێزە دژی گەلیەكانی رێژیمەوە دەكەونە بەر دەسرێژی چەك و پەلاماری هێزی رێژیمی دژە گەلی كۆماری ئیسلامی، پاش شەڕ و پێكدادانێكی زۆر و ئاگربارانی تۆپخانەكانی رێژیم لەو شوێنە، دوژمن بە كوژراو و بریندارێكی زۆرەوە تێك شكا، لەو پێوەندییەدا رێژیم كوژراوێكی خۆی بە ناوی ستوان دوو محمد هاشمی و بریندارێك بە ناوی كسری عبدالعلیزادە راگەیاندووە. پاش كۆتایی شەڕەكە پێشمەرگەكان درێژەیان بە تێكۆشانی خۆیان دا . لەو شەڕەدا بەداخ و كەسەرێكی گرانەوە پێشمەرگەی ئازا و چاو نەترس هاوڕێ “سامان حەسەن پوور” ناسراو بە سامان شێوەسەڵی شەهید و تێكەڵ بە كاروانی شەهیدانی ڕاسان بوو.

پوختەیەك لە ژیان و بەسەرهاتی شەهید سامان شیوەسەڵی

هاوڕێ سامان حەسەن‌پوور كوڕی محەممەد لە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی لە بنەماڵەیەكی كوردپەروەر لە شاری سەردەشت لە دایك بووە، لە تەمەنی ٧ ساڵیدا دەست بە خوێندن دەكات و هەتا ساڵی ١٣٨٨ فەوق دیپلۆم وەر دەگرێ. ناوبراو هەر لە تەمەنی مێرمنداڵییەوە هۆگری كوردایەتی و نیشتمانپەروەری دەبێت، لە ساڵی ١٣٨٥ی هەتاوی بە هۆی بەستنی پشتوێنی ئاڵای كوردستان لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سەردەشتەوە دەگیردرێت و ماوەی ٧ مانگ زیندانی بۆ دەبڕدرێتەوە، هەتا ئەوەی لە ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی پەیوەست بە ڕیزی پێشمەرگەكانی كوردستان دەبێ. هاوڕی سامان بە هۆی لێهاتووی و ئازایەتی پلەكانی بەرپرسایەتی نیزامی تێپەڕاند و لە سازماندەیی نوێ‌دا بوو بە فەرماندەی یەكێك لە لكەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان.

سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدی تازەمان سامان حەسەن‌پوور و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و كەسوكاری بەڕێزیان دەكەین.

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران

فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان

٣ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی

٢٠١٨/٦/٢٤ی زایینی

کوردستان

مەلا بەشیر لەسەر ناوهێنانی كوردستان ڕونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
نوسینگەی مەلا بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق، لەسەر ناوهێنانی وشەی كوردستان لەگەڵ عیراق و كوەیتدا لە دوایین بەیاننامەی، ڕونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە.

نوسینگەی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە، “دەیەوێت ڕونكردنەوە بدات لەسەر ئاماژەكردن بە وشەی عیراق و كوەیت و هەرێمی كوردستان، كە بە هەڵە بووە”.

مەلا بەشیر لە ڕونكردنەوەكەدا دەڵێت، “وشە ڕاستەكە عیراق و كوەیت لە هەرێمی كوردستان تا بەسرەیە”.

ئەمڕۆ چوار شەممە، مەلا بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق، لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بە گرنگی پەیوەندییەكانی نێوان عیراق و كوەیت و كوردستان كردبوو، جەختیشی لەسەر پێویستی پەرەپێدانی ئەو بەرژەوەندییانە كردبۆوە، بەجۆرێك، كە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەكان بكات.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

مالكی پشتیوانی بۆ فوئاد حوسێنی كاندیدی پارتی راگەیاند

خەڵك- بەشی هەواڵ

نوری مالكی، سەرۆكی فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسا و جێگری سەرۆك كۆماری عێراق رایگەیاند، ئامادەن پشتیوانی لە كاندیدی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ سەرۆكایەتی كۆماری عێراق بكەن.

مالكی لە دوای كۆبونەوەی لەگەڵ وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی فوئاد حوسێن رایگەیاند، ئەوان لێكتێگەیشتی باشیان هەبووەو پشتیوانیشی بۆ فوئاد حوسێن دووپاتكردەوە.

وتیشی”هیواداربووین كە برایانی كورد تەنها یەك كاندیدیان هەبووایە”.

پشتیوانی مالكی بەفەرمی لە كاندیدەكەی پارتی دوای ئەوەدێت، هەریەك لە پارتی و یەكێتی بە دوو كاندیدی جیاواز ململانێی پۆستی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق دەكەن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

گۆڕان: یەكێتی و پارتی بۆ شەڕی پۆست لە بەغدان، ئێمە ئەوە ناكەین

خەڵك-بەشی هەواڵ

كاندیدێكی دەرچووی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ پەرلەمانی عێراق ئاشكرایدەكات، تا ئێستا بایكۆتی كۆبونەوەكانمان كردووە، چونكە كۆبونەوەكان لەبەرژەوەندی هاووڵاتیان نین.

دوای پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی عێراق دوو كۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام دراون، بەڵام تا ئێستا ئەندامەكانی بزووتنەوەی گۆڕان بەشداری كۆبونەوەكانیان نەكردووە و بایكۆتیان كردووە.
غالب محەمەد كاندیدی دەرچووی گۆڕان بۆ پەرلەمانی عێراق بە (خەڵك)ی راگەیاند، كورد ئێستا بۆ پۆست رۆیشتووە بۆ بەغدا و بۆ خزمەتی خەڵك نەڕۆیشتووە، هەركات زانیمان بابەتێك هەیە لەسەر خەڵك ئەو كاتە قسەمان دەبێت و دەڕۆین.

وتیشی” بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار و پۆستی وەزارەت ناڕۆین بۆ بەغدا، ئەوە كاری پارتی و یەكێتییە و با هەر ئەوان بڕۆن”.

سەبارەت بە دواكەوتنیان لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق بەهۆی بەردەوامیدانیان بە بایكۆت ناوبراو ڕایگەیاند، سیاسەت بۆ ئەوەیە خزمەتی خەڵك بكەیت، ئەگەر ئێمە بچین بۆ پۆست پێموانییە بۆ خزمەتی خەڵك بێت، پارتی و یەكێتی دەنگی ئەو هەموو خەڵكەیان دزی و نوێنەرەكانی خۆیان ناردووە، لە بری ئەوەی باسی 17%ی بودجە و ناوچە جێناكۆكەكان بكەن، دەڵێن چ پۆستێكمان دەدەنێ و شەڕ لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار دەكەن.

رونیشیكردەوە، لای خەڵك گرنگ نییە كێ سەرۆك كۆمار بێت، ئەوە گرنگە كەی موچەكەی دەدرێتێ، لەبەر ئەوە كەی باسی موچەی خەڵك كرا، ئێمەش دەڕۆین بۆ بەغدا.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە
ریکلام
ریکلام
ریکلام

کوردستان

دوایین